کورته ژیان نامه‌ی هونه‌رمه‌ندی دڵسۆز و هه‌ست بزوێنی گه‌له‌که‌مان،
نه‌مر حه‌مید حه‌میدی
( 1سه‌رماوه‌زی 1353 - 17 ره‌زبه‌ری 1384 )
حه‌مید حه‌میدی له پاییزی ساڵی 1353- 1974 له شاری سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له دایک بوو . هه‌ر له سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه هۆگری وه‌رزش ده‌بێ و له ته‌مه‌نی 17 ساڵییه‌وه به شێوه‌ی فه‌رمی به‌شداری ده‌کا ...له کێبه‌رکێی ڕاکردن که ده‌سکه‌وته‌کانی بریتییه له پاڵه‌وانێتی سه‌راسه‌ریی ئێران و هه‌روه‌ها له کوردستانیشدا 10 جار بوو به براوه‌ی یه‌که‌م . شایانی باسه له‌و کاتدا ڕێکۆردی ڕاکردنی 1500 میتر به ناوی حه‌مید حه‌میدی تۆمار کرا بوو . حه‌میدی نه‌مر له ته‌مه‌نی 21 ساڵی دا زه‌ماوه‌ند ده‌کا و به‌رهه‌می ئه‌م ژیانه هاوبه‌شه تاقه کوڕێکه به ناوی ماردین .
به‌ڕێز حه‌میدی به هۆی ئه‌وه‌ی که تواناییه‌کی به‌رچاوی له بواری هونه‌ردا هه‌بوو له ساڵی 1375-1996 هاته دنیای گۆرانی و مۆسیقاوه . یه‌که‌مین کۆنسێرتی حه‌میدی له هه‌مان ساڵدا و له سالۆنی سینه‌ما به‌همه‌نی شاری سنه هاته ئاراوه . به‌ڕێز حه‌میدی له درێژه‌ی چالاکییه هونه‌ره‌ییه‌کانیدا له شاره‌کانی کرماشان،تاران،هه‌مه‌دان،لورستان، شیراز،مه‌ریوان، ئیلام و ... کۆنسێرتی به‌ڕێوه برد .
ئه‌م هونه‌رمه‌نده ژیر و ده‌نگ خۆشه‌ی کورد، یه‌که‌مین ئاڵبۆمی خۆی له ساڵی 1378-1999 به ناوی ' ئه‌رمه‌نی' بڵاو کرده‌وه که به خێراییه‌کی بێ وێنه ده‌نگی بوو به هاوڕێی سووچی دڵداری کچان و کوڕانی کورد و گۆرانیه‌کانی بوونه وێردی سه‌ر زمانی خه‌ڵکی . هونه‌رمه‌ند حه‌میدی سێ ئاڵبۆمی دیکه‌ی پێشکه‌ش به هونه‌ری ره‌سه‌نی وڵاته‌که‌ی کرد . ئاڵبۆمی 'تازه یار'ساڵی 1380-2001، ئاڵبۆمی 'ماردین' ساڵی 1382-2003، ئاڵبۆمی 'سه‌فه‌ر' ساڵی 1384-2005 .
به داخه‌وه دڵی پڕ ئه‌وینی ئه‌م هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویسته له پاییزی ساڵی 1384-2005 دا له لێدان که‌وت و ئه‌وینداران و ئاشقانی ده‌نگی ماته‌مبار کرد به‌م کۆسته گرانه، گۆرانی کوردی هیوایه‌کی پرشنگداری خۆی له ده‌ست دا ...
حه‌مید حه‌میدی نه‌مر هونه‌رمه‌ندێکی خاوه‌ن بیر و بڕوای پته‌وی مرۆڤایه‌تی بوو, تا دڵه ساواکه‌ی له لێدان که‌وت بێ وچان به زاراوه‌یلی زمانی پیرۆزی کوردی ( سۆرانی، که‌لهوڕی، هه‌ورامی و کرمانجی ) وشه‌ی ئاوێته‌ی ناخی پڕ له بێکه‌سی خۆی کرد، یادی هه‌رمانه و له دڵی گه‌له‌که‌ی دا سه‌ربه‌رزانه ده‌ژی
یادی هه‌ر به‌رز و پیرۆز بێ







